٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «کاوە کوردستانی»، وێنەگر، چالاکی فەرهەنگیی کورد و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بۆ دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە تارانەوە هاتبوونە مەریوان، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی تاران گواسترایەوە. ناوبراو دوای هەشت ڕۆژ دەسبەسەربوون و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە گواسترایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند کە «کاوە کوردستانی» ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە لە تارانەوە بۆ دەسبەسەرکردنی هاتبوونە مەریوان، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و بۆ تاران گواستراوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی تاران لە ژووری تاکەکەسیدا دەسبەسەر و لەژێر لێپرسینەوەدا بووە و ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە گواستراوەتەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان کاوە کوردستانییان لە شوێنی کارەکەی لە مەریوان دەسبەسەر کردووە. هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە فەرهەنگییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیکردن بە کەسوکارییەوە بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، کاوە کوردستانی وێنەگر، چالاکی فەرهەنگی و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوانە. ناوبراو لە بۆنە جیاوازە فەرهەنگی و ئەدەبییەکاندا، پێشکەشکاریی بەرنامەکانی لە ئەستۆ بووە و دوایین ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی سەدەمین ساڵیادی سینەمای کوردیدا بوو کە لەلایەن ئەنجومەنی زانستی کولتووریی «ڕۆنانی» مەریوانەوە بەڕێوە چوو. هەروەها نووسراوەکانی بە ناونیشانەکانی «هاوسەنگیی سروشت» و «زرێبار دەریا نییە» بڵاو کراونەتەوە. کاوە کوردستانی هەروەها فەرمانبەری جیهادی کشتوکاڵی لە مەریوانە.