٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لە هەوڵێکی سەرەڕۆیانەدا، چوار ئەندامی بنەماڵەیەکیان بە ناوەکانی «حەسەن قۆرغچی»، «مەسعوود قۆرغچی»، «ناسر قۆرغچی» و «شەهاب قۆرغچی» دەسبەسەر کرد. سێ کەس لە دەسبەسەرکراوان بران و کەسی چوارەمیش ئامۆزایانە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە کە خەڵکی گوندی «کانیڕەش»ی سەر بە شاری بۆکانن، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە لە شوێنی کارەکەیان لە ناوچەی «میراوا»ی شاری بۆکان، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەر دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کەسانە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کراون، لێپرسینەوەیان لێ کراوە و بۆ ماوەیەک دەسبەسەر بوون و دواتر ئازاد کراون. بە وتەی ئەو سەرچاوانە، یەکێک لە هۆکارەکانی بانگکردنیان، داواکارییان لە هێزەکانی سپای پاسداران بۆ گواستنەوەی ئەو کانێکسانە بووە کە لە بەرانبەر دووکانەکانیان دانرابوون و دیمەنی دووکانەکانیانی شاردبووەوە و لەبەردەم کار و کاسبییان ببوونە ڕێگر؛ بەڵام سپای پاسداران گوێی بە داواکارییەکەیان نەداوە و بەهۆی ئەو داواکارییەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون.
هەروەها ئەم کەسانە بەهۆی بەکارهێنانی هێمای «هەڵۆ» وەک لۆگۆی دووکانەکانیان بانگ کرابوون و پێیان ڕاگەیەندرابوو کە بەکارهێنانی ئەو هێمایە قەدەغەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە نەداوە. هاوکات، لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.





