٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «بێهرووز سەعیدی»، لاوی ٣٥ ساڵەی کوردی خەڵکی تیکاب، کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی تیکابەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگەی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان» سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت کە «بێهرووز سەعیدی»، کوڕی ئەحمەد، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ حوکمی دەرکراوی یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی تیکابی پێ گەیشتووە. بەپێی ئەم حوکمە، ناوبراو بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگەی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان» بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە.
«بێهرووز سەعیدی» کە تاتۆکارە و دووکانێکی جلوبەرگی هەیە، کۆتایی بەهاری ١٤٠٥ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و زیاتر لە ٢٠ ڕۆژی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی تیکابدا بەسەر برد. ناوبراو لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سەعیدی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیکردن پێیانەوە بێبەش بوو.
دەسبەسەرکردنی «بێهرووز سەعیدی» پێشتر بەمیدیایی نەکرابوو و هەواڵی دەسبەسەرکردن و مەحکوومبوونی بۆ یەکەم جارە کە بڵاو دەکرێتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا، ناوەندە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو و ئەم حوکمە تەنیا لەسەر بنەمای چەند چاتێک و بۆچوونی کەسیی ناوبراو دەرکراوە.





