٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «تەیب ڕۆستەمی»، کۆڵبەری ٣٤ ساڵانی خەڵکی بانە، بەرەبەیانیی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: تەیب ڕۆستەمی لە سنووری «سوورکێو»ی بانە کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و کوژرا.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەیب ڕۆستەمی خێزاندار بوو و منداڵێکی کوڕی بچووکی هەبوو و هاوژینەکەشی ئێستا دووگیانە.
تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی هێزە نیزامییەکان بەرەو تەیب ڕۆستەمی، کۆڵبەری ٣٤ ساڵە لە سنووری بانە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی، نموونەیەکی ئاشکرای «کوشتنی سەروو یاسایی» و پێشێلکردنی زەقی بڕگەی ٣ی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ و بڕگەی ٦ی پەیماننامەی نێونەتەوەییی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (مافی ژیان)ـە.
ئەم کردەوە توندوتیژە هەروەها پێشێلکردنی ئاشکرای بڕگەی ٣ و تێبینیی ٣ی یاسای بەکارهێنانی چەک لە یاساکانی ناوخۆی ئێرانە کە مەئمووران پابەند بە ڕەچاوکردنی پلەکانی هۆشداری (فەرمانی وەستان، تەقەی ئاسمانی و تەقە لە خوارەوەی جەستە) دەکات ؛ چونکە کۆڵبەران کەسانی بێ چەکن کە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر مەئمووران دروست ناکەن و تەنیا لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیاندا ناچارن ڕوو لەم کارە بکەن.





