٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «عارف نەسیری»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانانی سەر بە ئیلام، لە دەروێشانی گونابادی و چالاکی مەدەنی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا یارمەتیی بریندارەکانی دابوو و ژمارەیەک لەوانی لە ماڵەکەی خۆیدا داڵدە دابوو، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵەکەی، بە ناچاری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئێرانی بەجێ هێشتووە. دوای چوونەدەرەوەی ناوبراو لە وڵات، دۆسییەیەکی دادوەری-ئەمنی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ستارلینک» دژی ناوبراو کراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، زیاتر لە ١٠ هێزی ئەمنیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ئاودانان، بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی «عارف نەسیری» و بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەکەی. هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی زانییان ناوبراو لە ماڵەوە نییە، هاوژین و دوو کچەکەیان لە یەکێک لە ژوورەکانی ماڵەکەدا بەند کرد و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکە کرد. ئەوان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانی «عارف نەسیری»، لەوانە لاپتۆپ، تابلێت و ئامێری ستارلینکەکەیاندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.
ئەم سەرچاوەیە بە کوردپای وت کە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ «میهەن»، هاوژینی عارف نەسیری، و دوو کچەکەی، «پارمیس و پارمیدا»، زۆر سووکایەتیپێکەرانە و نامرۆڤانە بووە. هێزە ئەمنییەکان ناچاریان کردوون بچنە ناو ژوورێکەوە و دواتر دەرگاکەیان لە دەرەوە کلیل داوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «عارف نەسیری» لە دوای ئەم کردەوە توندوتیژ و نایاساییە، بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆی و بنەماڵەکەی و ڕێگریکردن لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حوکمە دادوەرییەکان، ناچار بوو لە کورتترین کاتدا، لەگەڵ هاوژین و کچەکانی و بەبێ ئاگادارکردنەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، ئێران بەجێ بهێڵێت و پەنا بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ببات.
دوای چوونەدەرەوەی زۆرەملێی ناوبراو لە ئێران، دۆسییەیەکی دادوەری-ئەمنی دژی کرایەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «کڕین و فرۆشتنی ئامێری ستارلینک» بانگهێشتی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری ئیلام کرا. لەو بانگهێشتنامەیەدا داوای لێ کرابوو لە ماوەی پێنج ڕۆژدا، تا ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، خۆی بەو دادسەرایە بناسێنێت.
«عارف نەسیری»، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانانی سەر بە ئیلام و لە دەروێشانی گونابادی، چالاکی مەدەنییە. ناوبراو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا یارمەتیی بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی دا کە لە ڕەوتی سەرکوتکردنەکاندا بریندار ببوون و ژمارەیەک لەوانیشی لە ماڵەکەی خۆیدا داڵدە دا.
دەروێشانی گونابادی، وەک یەکێک لە پڕحەشیمەتترین کەمینە ئایینی و عیرفانییەکان لە ئێراندا، بەهۆی بە فەرمی نەناسینییان لە بنەماکانی ١٢ و ١٣ی دەستووری کۆماری ئیسلامیدا، لە سەرەتاییترین پشتیوانییە یاساییەکان بێبەشن و لەبەردەم هەڵاواردن و سەرکوتی سیستماتیکدان؛ ئەم کۆمەڵگەیە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ڕووخاندنی حوسەینییە و شوێنە عیبادییەکان، بێبەشکردن لە خوێندن و دامەزراندن لە دامودەزگا دەوڵەتییەکان، داخستنی شوێنی کار و کەسابەت، بانگهێشتکردنی دووبارە، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دۆسییەسازیی ئەمنی بوونەتەوە کە ئەم ڕەوتە، بە نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی ئازادیی ئایین و بیروباوەڕ (ماددەی ١٨ی پەیماننامەی نێونەتەوەییی مافە مەدەنی و سیاسییەکان) و قەدەغەکردنی هەڵاواردن لەسەر بنەمای باوەڕە ئایینییەکان (ماددەکانی ٢ و ٢٦ی هەمان پەیماننامە) دادەنرێت.





