ئاژانسی کوردپا: حەوتوونامەیەک بە زمانی کوردی و فارسی، لە شاری سنەدا، موڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی پێدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڵاوکراوەیەک بە دوو زمانی کوردی و فارسی، لەژێر ناوی "گۆڕان" لە شاری سنەدا، ئیزنی چاپ و بڵاوکردنەوەی پێ درا.

بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازیی حەوتوونامەی "گۆڕان"، "فەردین کەمانگەر"، بەرێوەبەری خانەی چاپەمەنیی سنەیە.

حەوتوونامەی "گۆڕان"، بە ڕێژەیەکی زۆر لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ، بڵاو دەکرێتەوە.

ئەو حەوتوونامەیە، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شاری سنە، بە شێوەی فەرمی ئیزنی چاپ و بڵاوکردنەوەی پێ دراوە.

حەوتوونامەی "گۆڕان"، بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە بواری "فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی" کار و چالاکی دەکات.

فەردین کەمانگەر، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی حەوتوونامەی "گۆڕان"، ڕایگەیاند: "ئەم حەوتوونامەیە لە ڕاستای ئەرکی سەرەکیی میدیایی، هەنگاو هەڵدەگرێت و هەوڵ دەدات ببێتە تریبونێک بۆ هاووڵاتیییان."

لە لایەکی دیکەوە، بڵاوکراوەی دیجیتاڵی لەژێر ناوی "شوناسی ژینگە"، بە خاوەن ئیمتیازیی "پەرویز ئەکبەری"، کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاو دەکرێتەوە، موڵەتی چاپی پێدراوە.