ئاژانسی کوردپا: شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان چەند کەس لە شاری سنەدا، بوو بە هۆی کوژران و برینداربوونی سێ هاووڵاتی.
شەوی سێشەممە، ٧ی جۆزەردان، بە هۆی شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان چەند هاووڵاتی لە شاری سنەدا، دوو هاووڵاتی کوژران و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.
ئەم ڕووداوە لە گەڕەکی "کوێرئاوا"ی شاری سنەدا ڕووی داوە و کەسێک بە چەکی گەرم تەقەی لە سێ هاووڵاتی کردووە و لە ئاکامدا دوو هاووڵاتی دەکوژرێت و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار دەبێت.
شوناسی کوژراوەکان، بە ناوەکانی "هادی سەمەدی" و "بەرزان"، ڕاگەیەندراوە.
پاش ئەم ڕووداوە، بکوژەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە و هەروەها بریندارەکانیشیان بۆ چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "کەوسەری" شاری سنە کردووە.
دەوترێت، بکوژەکە چەند مانگ پێش، لە پارکی منداڵی شاری سنەدا، دەستی بە تەقەی هەوایی کردبوو و پاش ڕۆژێک لە زیندان ئازاد کرابوو.





