ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دوو ماڵپەڕ و هەواڵدەریی سەربەخۆ لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی كاریگەریی گەمارۆكان و رەوشی خراپی ئابووریی ئێران داخران.
بەپێی دوایین هەواڵ و زانیارییە ناوچەییەكان لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دوو ماڵپەریِ "بنكەی خەبەری شرۆڤەیی كرماشان پۆست و كۆمەكاڵ" دوو ماڵپەڕی سەربەخۆ و غەیرە حكوومەتی لە شارەكانی كرماشان و پاوە بەهۆی كاریگەریی گەمارۆكان و بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێران و ناكۆكیی نێوان باڵە سیاسییەكانی حكوومەت داخراون.
بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی كرماشان پۆست لە پەیجی فەیسبۆكی كرماشان پۆستدا هۆكاری داخرانەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ كاریگەریی گەمارۆكانی ئەمرێكا لەسەر ئێران و نووسیویە: "بەپێی یاساكانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریكا هەرچەشنە بازرگانی و خزمەتگوزارییەك لەگەڵ وڵاتانی كووبا، ئێران و كورەی باكوور، میانمار، سوودان و سووریە قەدەغە كراوە، چەنكە پشتیوانیی ماڵی ماڵپەڕی "كرماشان پۆست"یش شیركەتێكە بەناوی "Bluehost" و لە ئەمریكایە كەوتۆتە ناو ئەو لیستەوە و سەرچاوەی ئابووریی كرماشان پۆست بڕاوە و ئەمەش بۆتە هۆی داخرانی".
ماڵپەڕی خەبەری، شرۆڤەیی "كۆمەكاڵ"یش كە سەربەخۆ و غەیرە دەوڵەتییە كە هەواڵ، رووداو و بەتایبەت چالاكییە فەرهەنگییەكانی شاری پاوە و دەورووبەر و بەگشتی ناوچەكانی هەورامانی رووماڵ دەكرد، لە رۆژانی رابردوودا داخراوە و ئەمە بۆ دووەمین جارە كە ماڵپەڕی كۆمەكاڵ دادەخرێت.
بەپێی هێندێ سەرچاوەی ناوچەیی هۆكاری داخرانی ماڵپەڕی "كۆمەكاڵ" دەگەڕێننەوە بۆ كێشە و ناكۆكیی نێوان جیناح و باڵەكانی نێو دەسەڵاتی ئێران كەلە ناوچەكەش نفووزیان هەیە.
لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەت بۆ سەر ماڵپەڕی "خەبەری شرۆڤەیی سەرچاوە" لە شاری سەردەشت چەند جارێك كار و چالاكییەكانی راگیرا و هەر بەم هۆیەوە بەڕێوەبەری ئەو ماڵپەڕەش بە ناچاری وڵاتی بەجێهشێت.




