"ئەمیر حوسێن حاتەمی" بەهۆی ئازار و لێدانەوە لە زیندانی تارانی گەورە گیانی لەدەست دا

11:42 - 4 رەزبەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەمیر حوسێن حاتەمی" تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سیروان سەر بە پارێزگای ئیلام، بەهۆی ئازار و لێدانی مەئموورانی زیندانی تارانی گەورەوە گیانی لەدەست دابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بەهۆی لێدانی مەئموورانی زیندانی تارانی گەورە گیانی لەدەست داوە و بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە هەتا کاتی ڕاگەیاندنی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، تەرمەکەی وەرناگرنەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمیر حوسێن حاتەمی چەند ڕۆژ پێش، پاش شەڕکردن لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە، لەلایەن مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرابوو".

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر، بنەماڵەی "حاتەمی" و نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لە بەرانبەر زیندانی تارانی گەورە کۆ بوونەوە و سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بنەماڵەی "حاتەمی" لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا خوازیاری وڵامدانەوەی بەرپرسان لە پەیوەندی لەگەڵ گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بوون، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی تارانی گەورە و دەزگای داد بێدەنگییان هەڵبژاردووە.