ئێعدام کرانی ٣ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان

16:11 - 16 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا:حوکمی ئێعدامی ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان لە بەرچاوی گشتیی خەڵک لەو شارە بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئوستانی کرماشان لە مەیدانی ئازادیی ئەو شارە و لەبەر چاوی گشتیی خەڵک، ئێعدام کران.

یەکێک لەو هاووڵاتییانە خەڵکی \"شاری \"گیلان غەرب\" سەربە ئوستانی کرماشان بووە کە بە تاوانی کوشتنی کچێک، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابوویەوە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساری کرماشان رایگەیاندووە، ئەو ٢ کەسەی دیکە بە تاوانی دەستدرێژی جینسی و کوشتنی ئەنقەست (قتل عمد)، ئێعدام کراون.

ماڵپەڕی دادگوستەریی ئوستانی کرماشان، ناسنامەی ئەو ٣ کەسەی \"١- م. ا ٢- م. پ ٣- ج. ا \" راگەیاندووە.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کران و هەروەها ٢١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە کە ٩ کەسیان بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە بە سێدارە مەحکووم کراون.