یەكەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی ئەدەبیاتی كوردی "پرژە" لە كامیاران بەڕێوە دەچێت

19:41 - 28 سەرماوەز 2711
کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی شیوا، لە كامیاران بە یارمەتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی كامیاران، یەكەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی ئەدەبیاتی كوردی لەژێر ناوی \"پرژە\" بەڕێوە دەبات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ناوەندیی ئیداری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كوردستان، یەكەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی ئەدەبیاتی كوردی، بە رێكارێكی فەرهەنگی، ئەدەبی و توێژینەوەیی و لە دوو بەشی شێعر و وتاردا بەڕێوە دەچێت و دوایین مۆڵەت بۆ ناردنی بابەت كۆتایی مانگی بەفرانبارە.

بە وتەی جەلال قەلعە شاخانی، بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی كامیاران و دەبیری فێستیڤاڵ، لە بەشی شێعردا بەشداربوان دەتوانن بە زاراوە جۆراوجۆرەكانی كوردی بەرهەم بنێرن و وتیشی: بەشی وتارە توێژینەوەكانی فێستیڤاڵ تەرخان كراوە بۆ تاوتوێی كردنی ئەدەبیاتی كوردیی زاراوەی كەلهوڕی.

یەكەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی ئەدەبیاتی كوردی \"پرژە\" تایبەت دەبێ‌بە ئەدیب، نووسەر و توێژەرانی پارێزگاگانی: ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئیلام، كوردستان، كرماشان و لوڕستان و لە رۆژانی 26 و 27ی رێبەندانی ئەمساڵدا لە كامیاران بەڕێوە دەچێت.