ئیدارەی ئەماکنی شاری مەریوان گرفتی بۆ دووکاندارانی ئەو شارە ساز کردووە

13:14 - 26 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئەماکنی شاری مەریوان کێشە و گرفتیان بۆ دووکاندارانی ئەو شارە ساز کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٤ ی سەرماوەز هیزەکانی سەر بە ئیدارەی ئەماکنی شاری مەریوان بە دوکانداران و کاسبکارانی چواڕێیانی شەبڕەنگی ئەو شارەیان راگەیاندووە کە دەبێ پێش لە سەعات ١٢ی شەو دەرگای دووکانەکانیان بە رووی کەسدا نەکەنەوە و لە ئەگەری گوێ نەدان بەو بڕیارە، دووکانەکانیان لەلایەن ئەوانەوە دادەخرێت.

بە وتەی یەکێک لە دووکانداران وێستگەی شەبڕەنگ تەنیا لە کاتی شەودا هاووڵاتیان و موسافیرانی مەریوان بۆ شاری سنە دەگوازێتەوە و خەڵک بۆ ئەو مەبەستە روو لەو وێستگەیە دەکەن بەلام ئەو کارەی ئیدارەی ئەماکن گرفتی ئابووری بۆ ئەو دووکاندارانە پێکهێناوە.

شاری مەریوان بەهۆی ئەوەی کە شارێکی سنووری و گەشتیارییە و لە هەمان کاتیشدا یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانە بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکێکی زۆر روو لەو شارە دەکەن، بۆیە هەبوونی چەند دووکانێک بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی گەشتیاران پێویستە و ئەو کارە نەتەنیا دووکانداران بەڵکوو هاووڵاتییانیشی بەرەوڕووی کێشە کردۆتەوە.