"یاسر ئەمینی‌ئازەر'' بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

18:40 - 28 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، "یاسر ئەمینی‌ئازەر" مامۆستای قوتابخانەکانی مەهاباد، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

شورای باڵای مەکتەب قورئان پاش ڕاگواستنی "یاسر ئەمینی‌ئازەر" بۆ زیندان ڕایگەیاندووە: "ئەگەرچی یاسر نەخۆشیی هەناسەبڕکێ و دڵ و هەروەها ئارتروزی ئەژنۆی هەیە و ئازار دەچێژێت؛ بەڵام  هەتا ئێستا تووشی نەخۆشی کۆرۆنا و نەخۆشی مسری (واگیردار) نەبووە و تەندروستی لەو بارەیەوە جیگیرە و لەم بەدوا پاراستنی تەندروستیی ناوبراو لە ئەستۆی بەرپرسانی پەیوەندییدارە".

ئەم مامۆستایە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەهۆی بەشداریکردن لە مانگرتنی سێنفیی مامۆستایان لە ڕاستای دادکۆکی لە داخوازیی فەرهەنگییان و پێڕاگەیشتن بە دۆخی نالەباری قوتابیان بە ١٥ مانگ زیندانی مەحکووم و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بەبێ لێکۆڵینەوە پشتڕاست کرابوو.

"یاسر ئەمینی ئازەر"، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ٩٨، لە کاتی چوونەدەرەوە لە قوتابخانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

ئەم مامۆستایە، بە هاندانی قوتابییان بۆ داخرانی قوتابخانە لە کاتی مانگرتنی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ و هاندانی مامۆستایان بۆ بەشداری لە مانگرتنەکان، تۆمەتبار کرابوو.

٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧یش، ئەم مامۆستایە کوردە بە هۆکاری بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.