گرووپی فەرهەنگی هونەریی دیلان ئورمیە پلەی یەکەمی دوو فێستیڤال لە ئامریکا و ئوسترالیای بەدەست هێنا

11:50 - 9 خەرمانان 2721

گرووپی فەرهەنگی هونەریی دیلان ئورمیە، پلەی یەکەمی دوو فێستیڤاڵ لە ئامریکا و ئوسترالیای بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

ئەو گرووپە فەرهەنگی هونەرییە، پاش بەدەستهێنانی ئەو دوو پلەیە ڕایگەیاندووە: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کۆرۆنا لە ئاستی جیهانیدا کە لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکاندا بە شێوەی ئامادەبوونی بەشداربووان، ڕێگری دەکات، گرووپی فەرهەنگی هونەریی دیلان ئورمیە توانیویەتی بە هەبوونی پێشینەی ئەرێنی و چالاکییەکانی لە ڕابردوودا، بە بانگهێشتی فەرمیی بەرپرسانی بەڕێوەبردنی دوو فێستیڤاڵی "جەزابییەتێ ئامریکایی"، لە شاری مەیامێی ئامریکا و هەروەها فێستیڤاڵی "زیرێ ئاسمانێ ئوسترالیا" لە شاری سیدنیی ئوسترالیادا، لەگەڵ گرووپی مۆسیقای ڕاستەوخۆ لەم فێستیڤاڵانەدا بە شێوەی ئانلاین، بەشداریی کردووە و توانیوەتی پلەی یەکەم لە هەر دوو فێستیواڵەکەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات".

گرووپی فەرهەنگی و هونەریی دیلان ورمێ، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ دامەزراوە و هەتا ئێستا بە بەشداریکردن لە ڤێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکاندا، چەندین پلەی بە دەست هێناوە.

ئەو گرووپە بەشداری لە چەندین ڤێستیڤاڵی بیانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە و لە هاوینی ساڵی ٩٨، لە ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ئەرمەنستان لە بەشی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.

هەروەها ئەو گرووپە فەرهەنگی و هونەرییە لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، لە ڤێستیڤاڵی گەورەی ئیسپانیا لە شاری گەشتیاریی "یوورت دمار"ی بارسێلۆنا بەشداریی کردبووە و پلەی دووهەمی لەو ڤێستیڤاڵە نێونەتەوەییەدا بە دەست هێنابوو.

گرووپی فەرهەنگی هونەریی دیلان ئورمیە، ئەندامی ئەنجومەنی فلکلۆری ئورووپایە.