کوژرانی ٤ کۆڵبەر لە ماوەی کەمتر لە دوو حەوتوودا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە

12:23 - 29 خەرمانان 2721

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کەمتر لە دوو حەوتووی ڕابردوودا لە سنوورەکانی مەریوان، بانە و سەردەشت، ٤ کۆڵبەری کوردیان کردووەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و کوشتوویانن.

هەروەها جگە لە ئەو ٤ حاڵەتە، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "شۆکەت قوربانی"، کوڕی عێوەز و خەڵکی گوندی "دزاوەر" سەر بە نۆدشە، بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا، گیانی لەدەست داوە. ئەو کۆڵبەرە کەوتووەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە، تووشی ڕاوەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران دەکەن و بێگومان دەتوانین بڵێین کە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بە شێوەی وەباڵ ئەستۆخستنە و لە حاڵەتگەلێک وەکوو تەقەی ڕاستەوخۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەدئەمین قادری" کە تەقە لە دڵی کراوە، کوژراوە و بکەرانی ئەم تەقە و قەتڵانە، لەلایەن حکوومەتەوە پشتیوانیی قەزاییان لێوە دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سیروان گوڵزاری" خەڵکی گوندی "جەژنی ئاوا" سەر بە مەریوان لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارەوە گیانی لەدەست دا.

شەوی یەکشەممە ٢١ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "ڕەسووڵ کەریمی"، کوڕی کەریم و خەڵکی بانە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ئەو شارەدا، گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "محەممەدئەمین قادری"، کوڕی ساڵح، خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "مەڕانـ"ـی ئەو شارەدا، گیانی لەدەست دا.

شەوی شەممە ٢٧ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئومید محەممەدزادە"، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی "گڕوێس" و دانیشتووی ڕەبەت، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە لە سنووری سەردەشت گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو کە لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپاوە بەدەست گەیشتووە، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ٢٤ کۆڵبەری کورد کوژرا و بریندار بوونە (٢ کوژرا و ٢٢ بریندار).

هەروەها بەپێی ئاماری ١٠ ساڵەی کوردپا سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران لە کوردستاندا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٩، سەرجەم ١٥٠٦ کۆڵبەر لە کوردستاندا کوژرا و بریندار بوونە؛

کوژراو: ٥١٥ حاڵەت

بریندار: ٩٨٦ حاڵەت

بێسەروشوێن: ٥ حاڵەت