کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکەی سەردەشتی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان

15:20 - 13 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی سەردەشت، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نزیک شاری بانە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممەی رابردووهاووڵاتییەکی سەردەشتی بەناوی \"محەممەد سەلیمی\" کوڕی حاجی سەعید بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای گوندی \"زەرواو\" کوژرا.

محەممەد سەلیمی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و لەناو ماشێنەکەیدا لە نزیک گوندی زەرواوی شاری بانە، دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لێ ئەستێندراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان و بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ محەممەد سەلیمی و ماشێنەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژ، لە کاتێکدا کە ناوبراو هەڵگری هیچ جۆرە کەلوپەلێک نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی هەینی رێكەوتی ١٢‌ی رەزبەر هاووڵاتییەكی كورد بەناوی محەممەد كەریمی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شاری سەردەشت لەسەر شەقامی سەرەكیی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە درابوویە بەر دەستڕێژ و گیانی لێ‌ئەستێندرابوو.

 محەممەد بێ‌ئەوەی‌كە هیچ تاوانێكی ئەنجام دابێ‌ كوژراوە و ئەو هاووڵاتییە كوردە تەنیا سەرقاڵی كاری كوتاڵ (پارچە) فرۆشی لە ئاواییەكانی دەورووبەری سەردەشت بووە.