کوژران و برینداربوونی کۆڵبەر و کاسبکارێکی کورد

15:33 - 24 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی ورمێ و کاسبکار بانەیی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"سادق شێخی\" تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی \"نایفت\"،لەلایەن هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پایەگای \"مەیدان\"ی ناوچەی \"ورمێ\"ـوە تەقەی لێکراوە لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"فەزیان\"ی سەربە ناوچەی \"برادۆست\"ی ورمێ بووە و ساڵی رابردووش لەهەمان شوێن بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرابوو، کە پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی، بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە سەر لەنوێ رووی لە کۆڵبەری کردبوویەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاسبکارێکی کورد خەڵکی ناوچەی بانە بەناوی \"ئازاد سووراوی\" کە بە ماشێنەکەی لە حاڵی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەدا بووە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شاری بانەوە تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە و ماشێنەکەشی زیانی بەرکەوتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئازاد سووراوی لە کاتێکدا رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە، کە ناوبراو هیچ جۆرە بار و کەلوپەلێکی پێ نەبووە و تەنیا لە حاڵی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەدا بووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاسبکارە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە و هەتا ئێستا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.