کوردستان؛ ئازار و ئەشکەنجەی هاووڵاتییان لەلایەن مەئموورانی حکوومەتییەوە بەردەوامە

12:05 - 30 خەرمانان 2721

لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شارەکانی مەهاباد و کرماشاندا بڵاو بووەتەوە کە تێیدا دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتییەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراون.

کاناڵی یووتیوبی" ایران نیوز"، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، بەرانبەر بە ١٣ی سپتامبر گرتە فیدیۆیەکی بڵاوی کردووەتەوە کە تێدا دوو کەس لە مەئموورانی حکوومەتی، هاووڵاتییەک ئازار و ئەشکەنجە دەدەن.

ئەو سەرچاوەیە، هەرچەند ئاماژەی بە شوناسی ئەو هاووڵاتییە نەکردووە، بەڵام ئەو هاووڵاتییەی بە شوفێری "تاکسی ئینترنێتـ"ـی و دانیشتووی شاری مەهاباد، ناو بردووە.

هەروەها کاناڵی تێلگرامیی "کارگر زندانی" لەو پەیوەندییەدا، زانیاریی زیاتری خستووەتە ڕوو و شوناسی ئەو هاووڵاتییەی بە ناوی "محەممەد حەبیبی" ڕاگەیاندووە و نووسیوویەتی: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لە ڕێگەی تەلەفوونەوە هەڕەشەی کوشتنی ئەو شوفێر تاکسییەی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە لە زمانی نزیکانی بنەماڵەی حەبیبی نووسیوویەتی: "کوڕی محەممەد حەبیبی کە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵایە، لە ترسی هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعات ناچار بووە، خۆی حەشارە بدات".

لە لایەکی دیکەوە و لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانان، بە بڵابوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هێزەکانی پاسگای ١٨ی سەجادییە لە "ئاریاشار"ی کرماشان، پاش تەقە کردن لە لاوێکی خەڵکی ئەو شارە، دەستیان بە ئازار و ئەشکەنجەکردنی ناوبراو کردووە.

هەتا ئیستا هۆکاری تەقەکردنی هێزەکانی پاسگای سەجادییە لەو هاووڵاتییە ناڕوونە و بەڵام یەکێک لە مەئموورانی ئەو پاسگایە بەو هاووڵاتییە دەڵێت: "بچۆ ئەگینا دەتکوژم".