٥ کرێکاری سنەیی لەشاری دەماوەند دەستبەسەرکران

14:00 - 6 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: پێنج کرێکاری خەڵکی ئاوایی \"ئەویهەنگ\"ی سەر بە شاری سنە، بە بێ‌هێچ هۆکارێکی روون لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە گوندی \"حەسارەک\"ی شاری دەماوەند دەستبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەژار لوتفی، قانێع رەزایی، رەفتار خودایاری، ماکوان بەهاری و عەزیز خودایاری ناوی ئەو پێنج کرێکارە کوردەن کە لەکاتی کارکردن لەپرۆژەیەکی بیناسازیدا لەشاری دەماوەند، بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوونەوە.

ئەو کرێکارانە خەڵکی ئاوایی ئەویهەنگن و تەنیا بەمەبەستی کارکردن روویان لەشاری دەماوەندی سەربە ئوستانی تاران کردبوو.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لەهۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی راگرتنی ئەو پێنج کرێکارە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

بەشێکی بەرچاو لەهاووڵاتیانی کورد بە هۆی نەبوونی پیشەیەکی سالم و تەندورست لە کوردستان بەناچاری بۆ کارکردن روو لە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکەن.

سەرەڕای دووری ئەو کرێکارانە لە بنەماڵەکانیان لەزۆر حاڵەتیشدا بەرەوڕووی مەترسیی گیانی و رووداوی کار دەبنەوە.

لەمبارەیەوە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢ی رەزبەر کرێکارێکی کورد بەناوی \"قوباد غەفووری\" خەڵکی گوندی \"نسمە\"ی سەربە شاری پاوە، لەشاری تاران بە هۆی پارەکەیەوە لەلایەن چەند کەسێکەوە بە زەبری چەقۆ کوژرابوو و پارەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.