کرماشان/ لەبەرامبەر هەر ٦ حاڵەتی هاوسەرگیریدا ١ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکرێت

22:01 - 23 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە بەرامبەر هەر ٦ حاڵەتی هاوسەرگیری لە کرماشان، ١ حاڵەتی تەڵاق لەو ئوستانە تۆمار کراوە.

\"بەپێی ئامارێک کە ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کرماشان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا ٤ هەزار و ٤٧٠ حاڵەتی هاوسەرگیری و لە بەرامبەریشدا ٧٣٩ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو ئامارە لە هەر ٣ کاتژمێردا ١ حاڵەتی تەڵاق لە ئوستانی کرماشان تۆمار کراوە کە بەشێوەی نێونجی لە هەرمانگێکدا ٢٤٦ حاڵەت بووە.

پێشتریش ئیدارەی تۆمار کردنی اری کەسیەتیی ئوستانی کوردستان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ١١ مانگی سالی ١٣٩١ی هەتاویدا ٣ هەزار و ٢١ حاڵەتی تەڵاق لە ئوستانی کوردستان تۆمار کراوە.

زیاد بوونی ئەو ئامارە لە کاتێک دایە، کە زۆربەی میدیا حکوومەتییەکان بە بەردەوامی باس لە \"پەرەپێدانی فەرهەنگی هاوسەرگیری\" و کردنەوەی \"خولی پەروەردەیی\" بۆ لاوان دەکەن.

زۆربەی کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە چوونەسەرێی ئاماری تەڵاق و لەلایەکی دیکەشەوە دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری بە نیسبەت زیاد بوونی حەشیمەت لە ئێران، کۆمەڵێک کێشە و دیاردەی وەک: قەیرەیی، چوونەسەرێی گەندەڵی ئەخلاقی لە نێو کۆمەڵگە و پچڕانی شیرازەی بنەماڵەی لێ دەکەوێتەوە.

کێشەی ئابووری، بێکاری، کێشەی شوێنی نیشتەجێ ‌بوون و لاوازی، یان نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی کە زۆرجار خۆکوشتنی پیاوان و ژنانیشی بەدواوە بووە، بە هۆکارەکانی چوونەسەرێی رێژەی تەڵاق دادەنرێن.