ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند رۆژە لەگەڵ چوونەسەرێی پلەی گەرمی لە شارەکانی دێهلوران و مێهران، رێژەیەکی بەرچاو "سیسرک" روویان لە شارەکانی مێهران و دێهلوران لە ئوستانی ئیلام کردووە.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی ئوستانی ئیلام بڵاوی کردەوە، ماوەی چەند رۆژە رێژەیەکی یەکجار زۆر سیسرک لە وڵاتی ئێراقەوە روویان لە شارەکانی ئوستانی ئیلام کردووە و ئیسراحەت و ژیانیان لە هاووڵاتییان تاڵ کردووە.

یەکێک لە کارناسانی "جڕوجانەوەرناسی"ی ئیلام رایگەیاندووە، ئەو سیسرکانە بەهۆی چوونە نێو زبڵی کۆڵان و شەقامەکان، هەڵگری کۆمەڵێک "ڤایرۆس و باکتریا"ن کە ئەمەش راستەوخۆ هەڕەشە لە تەندرووستیی هاووڵاتییان دەکات و ئەگەری تووشبوونی هاووڵاتییان بە چەندین نەخۆشیی وەک: "سکچوون" لە ئارا دایە.

ئەو کارناسە راشیگەیاندووە، بە سەرنجدان بە "دۆخی نالەباری ئاو و هەوا و خێــرایی با" لە شارەکانی مێهران و دێهلوڕان، وەشاندنی ژەهر بە شەقام و کۆڵانەکاندا، مەترسیی تەندرووستی بۆسەر هاووڵاتییان زیاتر دەکات.

مەهدی شەعبانی رایگەیاندووە، بەهۆی گەرمیی هەوا و بوونی زبڵی لەرادەبەدەر لە کۆڵان و شەقامەکان و لەلایەکی دیکەوە نەبوونی چاوەدیریی پێویست، رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی ئەو "سیسرک"انە زیاتر دەبێت.