کتێبی \"ژینگەی خاوێن\" گەیشتە دنیای منداڵان

14:14 - 5 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کتێبی ژینگەی خاوێن بەرهەمی نووسەرێکی لاوی خەڵکی مەریوان، بە زمانی کوردی و تایبەت بە منداڵان چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ زانیار درەخشانی کتێبێکی لەژێر ناوی \"ژینگەی خاوێن\"، کە بە زمانی سادەی شێعر باس لە پەیوەندیی نێوان سرووشت و ئینسان دەکات، چاپ و بڵاو کردەوە.

زانیار درەخشانی لە لێدوانێکدا بە یەکێک لە ماڵپەڕە ناوخۆییەکان باسی لە گرینگیی سروشت کردووە و راگەیاندووە، \"ئەگەر بکرێ بە زمانی شێعری باسی ژینگە و سرووشت بۆ منداڵان بکەین، دەتوانین بەرەو خاوێن راگرتنی ژینگە هانیان بدەین\".

\"17052.jpg\"
زانیار درەخشانی: \"ئەگەر بکرێ بە زمانی شێعری باسی ژینگە و سرووشت بۆ منداڵان بکەین، دەتوانین بەرەو خاوێن راگرتنی ژینگە هانیان بدەین\"
ئەو نووسەرە لاوە رایگەیاندووە، ئەم کتێبە بە ئەژماری ٥ هەزار دانە و بە ١٦ لاپەڕەی چاپی رەنگییەوە، کە لاپەڕەکان بە نەققاشیی گرافیکی رازێندراونەتەوە، چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

کاری گرافیکی و نەققاشیی ئەو کتێبە لە ئەستۆی هونەرمەند \"شیوا شکووهی\" بووە.

زانیار درخشانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، هەتا ئێستا چەندین شانۆنامەی تایبەت بە منداڵانی نووسیوە و یەکێک لە شانۆنامەکانی ناوبراو بەناوی \" خەونی بەزەیی\" لە دەرهێنەریی ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە پارکی میللەتی ئەو شارە نمایش کرا.