کتێبی "ڕاسی ناوچەی لەیلاخ" چاپ و بڵاو کرایەوە

12:43 - 28 جۆزەردان 2721

کتێبی "ڕاسی ناوچەی لەیلاخ" لەلایەن نووسەری کورد "ئیبراهیم ئەحمەدی" وەکوو پڕۆژەیەکی توێژینەوەیی لەلایەن توێژینەوەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستانەوە، لە چاپ دراوە.

ئامادە کردنی ئەو کتێبە ماوەی ٨ ساڵی خایاندووە.

ئەم کتێبە سێ بەرگییە کە ١٧٠٠ لاپەڕەیە، پێک هاتووە لە چیرۆک و ئەفسانەگەلی ناوچەی لەیلاخ کە ۳۳۷ چیرۆکی لە خۆوە گرتووە کە بۆ وتنەوەی ئەم چیرۆک و ئەفسانەگەلە ۱۰۶ حیکایەت‌بێژ و ڕاست‌بێژیی ناوچەی لەیلاخ بەشدارییان کردووە کە بوونەتە هەوێنێک بۆ بەپێزترکردنی ئەم بەرهەمە و گیانێکی دووبارە بە ڕۆحی فۆلکلۆری کوردیدا.

نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێت: "چیرۆک و ئەفسانە ڕەنگدانەوەی بیر و باوەڕ، هیوا و ئاواتەکانی خەڵکن و سینگ بە سینگ و بەرەبەرە گوێزراونەتەوە و پاڵپشتیی پتەوی ئەدەبی ئاکاری و کۆمەڵایەتین. ناوەرۆکیان پڕە لە بنەماکانی دۆستی و دادپەرەوەری و ڕنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتین و کۆمەڵێک جیهانبینی خەڵکیان لەنێو دڵی خۆیاندا حەشار داوە. هەر بەم هۆیەوه، لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە وەکوو دەروونناسی و جیاوازییە زمانییەکان و کۆمەڵناسی، دەتوانین لێکیان بدەینەوە".

هەروەها، کلیلی دۆزینەوەی باوەڕەکان و فەرهەنگی نەتەوەیین و لە ڕاستیدا، چیرۆکەکان ناسنامە و شوناسی فەرهەنگیی هەر نەتەوەیەکن کە لە خەساری جۆراوجۆری شاڵاوی عەسکەری و هزری توانیویانە خۆیان بپارێزن. لە تایبەتمەندییەکانی ئەفسانە دەتوانین ئاماژە بە پاڵەوانەکان بکەین کە بوونەوەران، ئینسانەکان و خواژنەکانن. ڕووداوەکان لە جیهانی دەرەوەی ڕاستی ڕوو دەدەن، شوێنی ڕوودان، کات و کەسایەتییەکان نەناسراون و ڕوون نین و ڕوودانی ڕووداوەکانیش لە دەرەوەی لۆجیکن.

میتۆلۆژیا و ئەفسانە لێک‌چوونگەلێکیان لەگەڵ یەکدا هەیە و جیاوازیگەلێکیشیان هەیە. گرنگترین جیاوازییەکان باسی ڕوودان یان کاتی ئەوانە. میتۆلۆژیا لە کات و زەمەنێکی بێ‌زەمەندا ڕوو دەدات. واتە، لە قۆناخی پێش مێژوودا بیچمیان گرتووە. سەرەڕای باسی کات و زەمەن، میتۆلۆژیا بە جۆرێک، پەیوەندییان بە متافیزیک و خواوە هەیە.

ئیبراهیم ئەحمەدی وەک لێکۆڵەرێکی بواری وێژەی زارەکی و فۆلکلۆر چەندین بەرهەمی بەپێزی لەم بوارەدا کۆ کردووەتەوە و لە چاپی داوە بەرهەمەکانی ئەمانەن:

فەرهەنگی کینایە،چاپی زانکۆی کوردستان١٣٨٦ .

فەرهەنگی لێکچواندن(تشبیە)لە پەندی پێشینیان و قسەی نەستەقدا چاپەمەنی غزالی١٣٨٨ .

فەرهەنگی دەنگەناو لە زمانی کوردیدا،چاپەمەنی غزالی١٣٨٨

ئەوە چییە(چیستان) مەتەڵ بۆمنداڵان چاپەمەنی کالج ١٣٩٣

فەرهەنگی زیوەری زمان،زانکۆی ئازادی ئیسلامیی کوردستان١٣٩٣

فەرهەنگی مەتەڵ(چیستان،لیچار،معما)چاپ و پەخشی کالج ١٣٩٣

پێکهاتەی ئەفسانەی پەریانی کوردی( بەم زووانە لە چاپ دەدرێ)