کتێبی بەشێک لە بەرهەمەکانی "مەڵکە جوانڕۆیی" بڵاو کرایەوە

17:56 - 15 جۆزەردان 2721

ئەم بەرهەمە کۆمەڵێک شێعر و بەڵگەیە لەسەر ژیان و ئاسەواری مەڵکە کە لەلایەن "غەفار ئیبراهیمی"(سارۆ جوانڕۆیی) و "یاسین محەممەدیـ"ـیەوە کۆ کراوەتەوە و پێشکەشی لایەنگران و کتێبخانەی ئەدەبیی کوردی کراوه.

ئەدیب و بلیمەتی کورد مەڵکە جوانڕۆیی ناسراو بە "مەڵکەی مرادوەیس" یان "مەڵکەی سەفیاوایی" یەکێک بووە لە ئەدیبە ناودارەکانی سەدەی ۱۲ و ۱۳ی کۆچی مانگی. خوێندنی لەلای زانا و شاعیری بەناوبانگ مەلا "خدر ڕوواری" دەسپێکردووە.

 دواتر دەبێتە مامۆستای "مەولەویی تاوگۆزی" و یەکێک بووە لە شاعیرانی گەورەی سەردەمی خۆی.

ساڵی ۱۲۴۰ی مانگی لەسەر بانگهێشتی "ئەمانوڵڵاخانیی والی" دەچێتە سنە و لەوێ کاروباری وانەوتنەوەی مزگەوتی "دارولئیحسانـ"ـی پێ دەسپێردرێ.

بەناوبانگترین بەرهەمی "مەڵکە" کتێبی "شیرین و خوسرەو" بووە کە بە چەشنی "خانای قوبادی" هۆنیوەتەوە بەڵام هەتا ئێستا وونە.