ژنێکی کورد لە میانداوا کۆتایی بەژیانی خۆی هینا

17:07 - 12 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خەلکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی میاندواو بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە خۆی هەڵواسیو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی پووشپەڕ ژنێکی کورد بەناوی \" خاتوون مینایی\" کچی عەلی و دانیشتووی گوندی \"گامێش گۆلی\"ی سەربە شاری میاندواو لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت خاتوون مینایی دایکی ٣ منداڵ بووە لە نێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٢ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بەژیانی خۆیان ‌هێناوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٨ حاڵەتیان لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە بووە.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکانیان وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوشتنی هاووڵاتییانیان و بەتایبەت ژنان لە قەڵەم داوە.