ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزیی شێخ سەڵە لە کۆڵبەرانی کوردی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، کۆڵبەرێک کوژراو و دوو برای دیکەی ئەو کۆڵبەرە بەتوندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی " نازدار مورادی" کوڕی عەزیز و خەڵکی شاری "سەلاسی باوەجانی"ی سەربە ئوستانی کرماشان لە خاڵی سنووریی ئەو شارە بۆ هەرێمی کوردستان بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی "شێخ سەڵە" کوژرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەنی ٢٨ ساڵ و خێزاندار بووە کە بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە رووی لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری کردووە.

دەگوترێت لە ئەنجامی ئەو تەقە کردنەدا دوو برای دیکەی ئەو کۆڵبەرە کوردە بەناوەکانی "جەلال و رزگار" بەتوندی بریندار بوون و بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی کرماشان کراون.

دوابەدوای ئەو رووداوە لەنێوان هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە و هێزەکانی هەنگی مەرزیی "شێخ سەڵە" گرژی هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ماشێنێکی ئەو هیزانە لەلایەن خەڵکەوە تێک شکێندراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەدەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێــزە نیـزامییەکان گیانیان لێ ئەستێندراوە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ئەو هێزانە بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.