٥٠ چالاکی مەدەنی و سیاسیی کورد خوازیاری ئازادیی زیندانییەکی کورد بوون

21:43 - 21 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥٠ چالاکی مەدەنی و سیاسیی کورد لە نامەیەکدا داوایان لە سەرۆک دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردووە، کە زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد بکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ ٥٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە نامەیەکدا کە بۆ \"سادق لاریجانی\" سەرۆک دەزگای قەزایی ئێرانیان ناردبوو، خوازیاری ئازادیی \"رەزا شەریفی بۆکانی\" زیندانیی سیاسیی کورد بوون.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ٥٠ چالاکە کوردە لەو نامەیەدا وێڕای مەحکووم کردنی زەبر و زەنگ بۆ سەر رەزا شەریفی بۆکانی، خوازیاری ئازادیی ناوبراو بوون.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی رەزا شەریفی بۆکانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چالاکانە لە بەشێک لەو نامەیەدا جەختیان لەسەر بێ تاوان بوونی ئەو زیندانییە کورد کردۆتەوە و داوایان کردووە کە بە زووترین کات دۆسیەکەی بە شێوەی عادڵانە پێداچوونەی بۆ بکرێت.

رەزا شەریفی بۆکانی هەتا ئێستا بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئرانەوە چەندین جار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ئەو زیندانییە کوردە بە بڕیاری بەرپرسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج و مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ زیندانی \"ئێڤین\" راگوێزرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی دادستانی گشتیی تاران، بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج گەڕێندرابوویەوە.