چارەنووسی دوو چالاكی مەدەنیی شاری بۆكان ناڕوونە

13:05 - 21 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: دوو هاووڵاتیی شاری بۆكان كە زیاتر لە یەك مانگە لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر كراون، هەتا ئێستا چارەنووسیان روون نەكراوەتە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە بۆكان، دوو چالاكی مەدەنی بە ناوەكانی قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری لە رێكەوتی 19‎ی رەزبەررەوە لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی شاری بۆكانەوە دەستبەسەر كراون هەتا ئیستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بنەماڵەی قاسم و رەحیم رایانگەیاندووە، بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو دوو چالاكە مەدەنیە بۆ چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتمان كردووە، بەڵام لەلایەن لێپرسراوانی ئەو ناوەندەوە ئیزنمان پێ‌ نەدراوە.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا رایگەیاند، لێپرسراوانی ئیدارەی ئیتلاعات رێگەیان بەو دوو چالاكە مەدەنیە نەداوە كە پارێزەریان هەبێت.

قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری دوای راگرتنیان بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد گۆێزراونەتەوە.