پەرەسەندنی دیاردەی تووشبوون بە مادەی هۆشبەر لە گوندەکانی کوردستان

14:50 - 17 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: دیاردەی تووشبوون بە مادەی هۆشبەر لە گوندەکانی کوردستان دەچێتە سەرێ و رێژەی تووشبووان بەمادە هۆشبەرکان رۆژلەدوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ماوەی چەند ساڵێکە چەند کەس لە دەست و پێوەندییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشێوەی ئاشکرا مادەی هۆشبەر بە نێو لاوانی گوندی \"ئەڵک\"ی سەربە شاری کامیاراندا بڵاو دەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی خۆجێی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کەسانە بە ناوەکانی \"ب. پ\" و \"ف. پ\" بەشێوەی ئاشکرا مادەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییان و تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، مادەی هۆشبەری ئەو کەسانە لەلایەن چەند بەرپرسێکی سپای پاسداران بەخۆڕایی دابین دەکرێت و بەسەر لاوانی گوندی \"ئەڵک\"یدا بڵاو دەکەنەوە و تەنانەت لەلایەن پایەگای بەسیجی ئەو گوندەوە پشتیوانیش دەکرێن.

\"11445.jpg\"
دانیشتوانی ئەو گوندە رایانگەیاندووە، کە لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوون ئەوەش لە حاڵێک دایە کە پێشتر رێژەی تووشبوان بە مادەی هۆشبەر لە چەند کەسێک تێپەڕی نەدەکرد.

هەڵکەوتەی گوندی ئەڵک دەکەوێتە ٨ کیلۆمیتریی رۆژاوای شاری کامیاران و زیاتر لە ١٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە و هەروەها لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین پۆلی وانە وتنەوەی زمانی کوردی لەو گوندە کرابوونەوە، بەڵام زۆربەی بەڕێوەبەرانی ئەو پۆلانەی زمانی کوردی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر، یان بەهۆی زەخت و گوشاری ئەو هێزانەوە بەناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسی شۆرا و دێهیاریی گوندی گەلێن بە شێوەیەكی بەربڵاو مادە هۆشبەرەكان لەو گوندە بڵاو دەکەنەوە کە بەرئەنجامی ئەو کارە هەتا ئێستا ٦٨ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون.

هەروەها ماوەیک پێش ئیستا چەند شایەتحاڵێک لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ رایانگەیاندبوو کە زیاتر لە ٢٠ کەسی سەربە حکوومەت کە سەرجەم تەمەنیان لە ژێر ٢٠ ساڵ دایە، لە مادەی هۆشبەر لەنێو لاوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا بڵاو دەكەنەوە و لەو رێگایەوە رێژەیەکی بەرچاو لە لاوان تووشی ئەو دیاردەیە بوون.