پازار، فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی، لەلایەن کچە نووسەری کورد سەحەر موعێزی چاپ و بڵاو کرایەوە

12:40 - 4 خەرمانان 2722

کتێبی "پازار" فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی، بەرهەمی کچە نووسەری کورد "سەحەر موعێزی"، خەڵکی شاری سنە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

پازار كە پێکهاتووە لە ٩ بەرگ، لە چاپخانەی زانکۆی سەلاحەددین چاپ کراوە و  کەوتووەتە بەردەستى خوێنەران لە کوردستان.

بەختیار سەجادی، مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستان لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: ئەم فەرهەنگە تەنها بەرهەمێکی دانسقە نییە لە کتێبخانەی کوردیدا بەڵکوو نموونەی هاوشێوەشی لە زمانەکانی تر و لەو ئاستەدا نادۆزرێتەوە.

ئەو مامۆستای زانکۆیە هەروەها دەڵێت:  کتێبەکەم بەر لە چاپ بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری ڕەوتی دانان و بڵاوکردنەوەیەم. کارێکی بێ‌وێنە و ناوازەیە. نموونەیەم لە هیچ زمانێکی تردا نەبینیوە: حەفتا و سێ هەزار ڕەنگ! کورد تەنها بۆ ڕەنگ حەفتا و سێ هەزار وشەی هەیە! سەرەتا باوەڕم نەدەکرد، بەڵام دوای بینین و پشکنینیەوە لە لایەکەوە شاگەشکە بووم بەو دەوڵەمەندییە و لە لایەکی تریشەوە ناڕەحەت بووم لەبەر ئەوەی دەسەڵاتە جیاجیاکان ئاوڕیان لەو دەوڵەمەندییە نەداوەتەوە و بۆ خۆشمان ئاگامان لێ نییە.