وێنەی مەلا حەسەنی لەسەر رووبەرگی دەفتەری قوتابیانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەچاپ درا

16:03 - 3 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی گشتیی پەروەردەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە هەڵوێستێکدا، وێنەی \"مەلا حەسەنی\"ی لەسەر رووبەرگی دەفتەری قوتابیانی ئەو ئوستانە لەچاپ داو بە خۆڕایی لەنێو قوتابخانەکاندا بڵاوی کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندی پێداویستیەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ورمێ بەشێک لە هەڵسوکەوتەکانی مەلا حەسەنی و هەڵوێستی سیاسیی ناوبراوی لەسەر رووبەرگی دەفتەری قوتابیان چاپ و لەنێو قوتابیاندا بڵاوی کردەوە.

هەواڵنێری کوردپا نوسخەیەک لە رووبەرگی ئەو دەفتەرە کە وێنە و هەڵوێستەکانی مەلا حەسەنیی لەسەر چاپ کراوە، بۆ ئاژانسی کوردپا ناردووە. لەسەر رووبەرگی ئەم دەفتەرانە لە چەند رستەیەکدا ئاماژە بە \" دەستپێکی شەڕی چەکداری لە مزگەوتی گەورەی ورمێ لەگەڵ رێژیمی پاشایاتی، کۆتایی هێنانی بە کێشەی گۆپاڵ بەدەستەکان، خەبات بەدژی تاڵانچیەتیی حیزبی قەدەغەکراوی دێمۆکرات، پشتیوانی لە حیماسەتی بوێرانەی خەڵکی نەغەدە، پاکسازیی ناوچەی سەردەشت، بەشداری کردنی لە کارەساتی دارەلەک، بەشداری کردن لە بەرەکانی شەڕی پیرانشار، بەرگری کردن لە پادگانی ورمێ، بەشداری کردن لە بەرەکانی شەڕ لە باشووری ئێران\" بەشێک لە کردەوە و هەڵوێستەکانی مەلاحەسەنی ئیمام جومعەی ورمێ کراوە.

ئیمام جومعەی ورمێ لە ٣٤ سال پێش ئێستاوە وەکوو نوێنەری وەلی فەقێ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا سەرقاڵی چالاکییە و بە یەکێک لە مۆرەکانی سەربە حکوومەت و دژبەرانی ناسراوی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی دادەندرێت و بە بەردەوامی حیزبە کوردییەکانی بە دوژمنی نیزام و وەلی فەقێ وەسف کردووە.

ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە پێکهاتەی حەشیمەتیی کورد و تورکەوە، بە هەشتەمین ئوستانی پڕ حەشیمەتی ولاتی ئێران ئەژمار دەکرێت.