ورمێ؛ دوو کۆڵبەر لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە کوژران

12:07 - 30 خەرمانان 2721

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەرمانان، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "عالیشان ئەحمەدی"، تەمەن ١٥ ساڵ و "سۆزدار ئەحمەدی"، تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە لە سنووری ئەو شارەدا گیانیان لەدەست داوە.

هێزەکانی ئەرتشی تورکیە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەو دوو کۆڵبەرەیان وێڕای ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران داونەتە بەر تەقەی ڕاوستەخۆ.

تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ شاری "جوولەمێرگ" لە باکووری کوردستان ڕاگوێزراون و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە.

هەروەها ٨ کۆڵبەر خەڵکی گوندی "کوران" لەلایەن هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە دەسبەسەر کراون.