هەڵەی پزیشکی گیانی کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی سنەیی ستاند + وێنــە

13:56 - 2 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی سنەیی لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکی لە کلینیکی \"نوور\"ی ئەو شارە بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی هەینی رابردوو \"شیوا زارعی\" دانیشتووی گەڕەکی \"عەباس ئاوای\" شاری سنە کە بەمەبەستی جوانکاریی لووت، خرابوویە ژێر نەشتەرگەری و پاش بێهۆش کران، گیانی لەدەست دا.

برای ئەو کچە کوردە بە یەکێک لە رۆژنامە نێوخۆییەکانی ئێرانی راگەیاندووە؛ :شیوا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی هەینی بۆ نەشتەرگەری چووە ژووری نەشتەرگەری و درێژبوونەوەی ماوەی نەشتەرگەرییەکەی، نیگەرانیی و پرسیاری لای ئێمە دروست کرد، بەڵام پزیشکان لە وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەدا، راگەیاند: \" بەهۆی لێدانی رێژەیەکی زۆر ماددەی بێهۆشی ماوەی بێهۆشییەکەی درێژ بۆتەوە\".

\"15605.jpg\"
شیوا زارعی دانیشتووی گەڕەکی \"عەباس ئاوای\" شاری سنە کە بەمەبەستی جوانکاریی لووت، خرابوویە ژێر نەشتەرگەری و پاش بێهۆش کران، گیانی لەدەست دا.
ستار زارعی برای شیوا باسی لەوەش کردووە، پاش ٦ کاتژمێر خوشکەکەم بە جەستەی نیوە گیانەوە بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی \"تەوحید\" گوازرایەوە، پزیشکانی ئەوێش بە ناهومێدییەوە رایانگەیاند، کە ٨٠ لەسەدی سیپەلاک و هەناوی لەدەست داوە و سەرەڕای هەوڵی تیمی پزیشکیی تایبەت بە تەزووی بەرقی، کاتژمێر ٥ی سەر لەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠‌ی خەرمانان گیانی لەدەست دا.

بێهزاد ئەحسەن پزیشکی کلینیکی \"نوور\"ی شاری سنە رایگەیاندووە: شیوا زارعی کە رۆژی پێنجشەممە لە کلینیکەکەی ئێمە خراوەتە ژێر نەشتەرگەری، پێشینەی نەخۆشیی هەناوی هەبووە.

وتەکانی بەرپرسی ئەو کلینیکە لە کاتێک دایە کە بەوتەی کەسوکاری شیوا و بەرپرسی پزیشک دادوەریی، شیوا رۆژی هەینی خراوەتە ژێر نەشتەرگەری و ناوبراو بەر لە نەشتەرگەرییەکەی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە.

دەگوترێت کە چەند نموونە لە تەرمی شیوا بەمەبەستی پشکنین رەوانەی تاران کراوە و تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی \"بەهەشتی محەممەدی\"ی شاری سنە بە خاک سپێردراوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، چەندین هاووڵاتیی بەناوەکانی \"سانیە خەڵکی مەریوان\"، ئەشکان خەڵکی سەقز\"، محەممەد راشد خەڵکی سنە\"، \"ستایش وەرکەبوودی و ئاراس فەتحوڵڵاهی هەردووکیان تەمەن ٣ ساڵ و خەڵکی ئیلام\" لە ئەنجامی هەڵەی پزیشکی و بەکارهێنانی دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە نەخۆشخانەی ئەو شارانەدا، گیانیان لەدەست داوە.