هەڵاواردن لە نێوان پارێزگاكان/ كەمیی پێدوایستی بۆ توێژە جیاجیاكانی ئیلام

13:53 - 17 خەزەڵوەر 2711
كوردپا – هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا باسی لە هەڵاوارن لە نێوان پاریزگا بچووك و گەورەكانی ئێران كردووە و هەروەها نووسیویەتی، ئیلام یەكێك لە پارێزگا لاوەكانی وڵاتە و نەبوونی ئیمكاناتی فەرهەنگی، وەرزشی، نیشانەی كەمتەرخەمیی بەرپرسان و هەڵاواردنە لە نێوان پاریزگاكانی ئێران.

پارێزگای ئیلام بە بوونی حەشیمەتی 600 هەزار كەسی یەكێك لە بچووكترین پاریزگاكانی ئێران و هاوكات وەك لاوترین پارێزگاش دێتە ئەژمار، بەڵام نەبوونی ئیمكاناتی فەرهەنگی و وەرزشی و گرینگی نەدان بە ویست و داخوازی لاوانی ئەو ناوچەیە یەك لە گرفتە سەرەكییەكانی ئەو پارێزگایەیە.

هەواڵدەریی میهر لە درێژەەی راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی: بێبەش بوون و كەمیی پێداویستی لە پارێزگای ئیلام لە كەمتەرخەمیی بەرپرسانەوە سەرچاوە دەگرێ‌ لە هەمبەر گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی ئەو پارێزگایەدا، بە چەشنێك كە زۆربەی ئیمكانات بۆ پارێزگا گەورەكان دابین دەكرێت و هیچ ئاوڕێك لە ناوچەیەكی وەكوو ئیلام نادرێتەوە.

نەبوونی ناوەندگەلێكی وەكوو پارك، كۆمەڵە فەرهەنگی و وەرزشییەكان، ساڵۆنی سینەما و شانۆ و... دەربڕی ئەو راستیانەن.

پارێزگای ئیلام بەهۆی تایبەتەمەندیی سەرسنوور، ناوچەی شەڕ، هەڵگری كۆمەڵێك خەساری كۆمەڵایەتیی وەكوو، خۆكوژی، تەڵاق، هەژاری و بێكاریە و پشت گوێ‌ خستنی ویست و داخوازییەكانی خەڵكیش لەلایەن بەرپرسان و ناوەندە پێوەندارەكانی حكوومەتەوە بوونەتە هۆی ئەوەی كە هێندەی دیكە ئەو خەسار و دیاردە كۆمەڵایەتیانە پەرە بستێنن.

پارێزگای ئیلام 32 هەزار وەرزشوانی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن و بەرنامەیەكی تۆكمە زۆرێكیان لە وەرزش تەریك كەوتوونەتەوە، هەروەها ئەم گرفتانە بەرۆكی هونەرمەندان و توێژی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی ئەو پاریزگایەشی گرتۆتەوە و دڵساردی و دوور كەوتنەوە و خەمۆكی لەو پارێزگایە روو لە زیاد بوونە.