هێزە ئیتلاعاتییەکان لە روانسەر ٦ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد

19:11 - 4 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: شەش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری روانسەر ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری روانسەر، ناوی چوار کەس لەو دەستبەسەر کراوانەی ئارام سلێمانی تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی سەلیم، مەهدی وەیسی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی حەیدەر و شارۆخ و شاپوور (برا) و کوڕی سەعید راگەیاندووە.

هەواڵنیری کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، کە شارۆخ و شاپوور رۆژی پێنج‌شەممە و ئارام و مەهدی رۆژی هەینی حەفتەی رابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو کەسی دیکەشیان بەناوەکانی \"عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد و هیدایەت\" رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١ی رەشەمە دەستبەسەر کردووە.

هەروەها دەگوترێت، کە ژمارەی دەستبەسەر کراوان لەو شەش کەسەش زیاترە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکان، شوناسی ئەو کەسانە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.