حەفتەی یەکەمی مانگی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە کوژرانی ژنێکی لاو لە پیرانشار و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا کە بریتیە لە هەڵوەشانەوەی پەروەندەی پارێزەری نەسرین ستوودە لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

کوژرانی ژنێکی لاو لە پیرانشار

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە تەرمی کچێکی لاو لە رووباری گوندی رزگاری شاری پ]یرانشار کە بەشێوەیکی دڕندانە کوژرابوو دۆزرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، تەرمی ئەو ژنە لاوە بە ناوی "نەشمیل .
ب" رۆژی چوارشەممە ٢٣ی رێبەندان و لە ٥ کیلۆمێتری شاری پیرانشار دۆزراوەتەوە.

بە پێی راپۆرتی پۆلیسی پیرانشار، ئەو ژنە بە دەستی دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی خۆی و بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بە شێوەیەکی "دڕندانە" خنکێندراوە و دواتر بە مەبەستی شوێنە گومکێ تەرمەکەیان خستۆتە نێو رووباری گوندی رزگاری .

بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە هەتا ئێستا دووکەس، کە یەکیان برای "نەشمیل" بووە، لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون.

ئێــــــــــران

نەسرین ستوودە دەرواتە دادگا

نەسرین ستوودە ئەمڕۆ بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە هەڵوەشانەوەی پەروەندەی پارێزی سەردانی دادگای ئینتزامی پارێزەران دەکات.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دادسەرای ئێڤین بە نوێنەرایەتی دادستانی شاری تاران داوای لە دادگای ئینتزامیی پارێزەران کردووە، کە مۆڵەتی پارێزەریی نەسرین ستوودە هەڵوەشێنێتەوە.

بریار بوو پێڕاگەیشتن بە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی پارێزەریی نەسرین ستوودە رۆژی ٢٥ی رەزبەر بەڕێوە بچێت، بەڵام ناوبراو لە دادگای ئینتزامیی پارێزەران داوای مۆڵەتی کردبوو، کە لەلایەن دادگاوە مۆڵەتی پێدرا.

ناوبرا مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی تاران بەتاوانی تەبلیغات بەدژی نیزام، حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٠ ساڵ بێبەری بوون لە پیشەی پاریزەری بۆ بڕایەوە.
نەسرین ستوودە پارێزەری زیندانی کراو و ئەندامی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان لە زیندان ئازاد کرا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئیسنا (١حاڵەت )