هێزە نیزامییەکان لەناوچەی ورمێ بە تەقەی راستەوخۆ کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت

13:12 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەحاڵی تەرگەوەڕی ورمێ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"نەورۆز حوسێن ئاودی\" خەڵکی گوندی بەردەسووری سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ کەلە سنووری نێوان ئێران و تورکیە سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.

بەوتەی کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە، نەورۆز حوسێن ئاودی تەمەنی ٢٨ ساڵ بووە و تەنیا چەند رۆژێک بەسەر ژیانی هاوبەشیدا تێدەپەڕی کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژرا.

هەروەها رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر کۆلبەرێکی دیکەی خەڵکی ناوچەی بانە بەناوی \"جەلیل یونسی\" تەمەن ٢٩ ساڵ لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٩ کەسی دیکەش بەهۆی تەقەی راستەوخۆ و تەقینەوەی مین بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ئەو ناوچانە، زۆربەی حاڵەتەکانی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران بە شاراوەیی دەمێننەوە، دەکرێ ئاماری راستەقینەی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد لەو رێژەیەش زیاتر بێت.