هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن دادگاوە ٨٠ زەربە قامچیی لێدرا

20:30 - 6 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دادگای شاری تیکاب حوکمی ٨٠ زەربە قامچیی بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری \"تیکاب\"دا جێبەجێ کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی دەستفرۆش بەناوی حوسێن خوسرەوی دانشێتووی شاری تیکاب بە بڕیاری دادوەری ئیجرای حوکمەکان بەناوی \"حوسین شەماڵی\" ٨٠ قامچی لێدرا.

ئەو سەرچاەوەیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە کوردە لەسەر داوای پزیشک و بە مەبەستی چارەسەریی بەردی گورچیلە لە ماڵەکەیدا بیرە(ئابجۆ)ی بەکار هێناوە، کە لەلایەن یەکێک لە کەسانی نزیکی خۆیەوە راپۆرتی لێدراوە و دادگای بڕیاری ٨٠ زەربە قامچی بەسەردا سەپاندووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، مەلایەکی کە ئامادەی بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بووە بە دادوەری راگەیاندووە کە بە پێی یاسا قامچی لەو کەسە بدەن، بەڵام دادوەر (حوسێن شەماڵی) رایگەاندووە کە ئەو کەسە کەسێکی ئیسلامی نییە و پێویستە هەتا سەر مەرگ لێی بدرێت.

هەمان سەرچاوە گوتیشی، ئەو هاووڵاتییە کوردە کە رۆژانە بە هۆی دەستفرۆشی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی دابین دەکرد، لە ئەنجامی ئەو لێدانەدا رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.