هاووڵاتییەکی مەریوانی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران بریندار کرا

13:12 - 7 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەریوان بە تەقەی راستەوخۆی ‌هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"دووپلارە\"ی سەربە شاری مەریوان بە ناوی \"محەممەد\" کوڕی کەرریم لە نزیک سنووری مەریوان بۆ شاری پێنجوێن، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە توندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ژومارەیەک لە هاووڵاتییانی گوندی دووپلارەی سەربە بەخشی سەرشیوی مەریوان کە لە دارسانەکانی نزیک سنوور سەرقاڵی بەڕوو و مازوو کۆکردنەوە بوون، دارونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران و برینداربوونی ئەو هاووڵاتییەی لێکەوتۆتەوە وکە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

سەرچاوەکە گوتیشی ئەم کردەوەی هێزە چەکدارەکان، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی گوندی دووپلارەی لێکەوتۆتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان هاووڵاتییان و هێزە چەکدارەکاندا هاتۆتە ئاراوە.