ناڕوونیی دۆسیەی زیندانییەکی سیاسیی کورد

13:41 - 29 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوە چووە، بەڵام هەتا ئێستا دۆسیەکەی لە دۆخێکی ناڕوون دایە.

کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد بڵاوی کردەوە، بڕیاری راگیرانی سەباح حوسێن‌پەناهی بۆ ماوەیەکی تر درێژ \"تمدید\" کراوەتەوە و لە ژوورێکی تاکەکەسیی زیندانی شاری قوروە لەگەڵ چەند بکوژ و فرۆشیاری مادەی هۆشبەر دەستبەسەرە.

ئەو چالاکە سیاسییە رۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر دادگای شۆڕشی شاری سنە ماوەی ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕییەوە کە ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعات دۆسیەکەی وەگەڕ خراوەتەوە و ئەو چالاکە کوردە لەبەر ناڕوونیی دۆسیەکەی هەروا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.

\"10255.jpg\"
سەباح حوسێن‌پەناهی
ئەو چالاکە كوردە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و حوكم دراوە.

سەباح حوسێن‌پەناهی هاوڕێ لەگەڵ مەسعوود حوسێن‌پەناهی شەوی ٢٧ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری قوروەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کران.

ئەو چالاکە لەبەر ناڕوونیی دۆسیەکەی و پێشگیری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بۆ ماوەی ٧ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.