مەهاباد؛ ئەرەستوو مەلاڕەحیمی حوکمی زیندانی بەسەردا سەپا

11:14 - 8 بانەمەڕ 2721

لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد "ئەرەستوو (ڕەسووڵ) مەلاڕەحیمی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەی بە زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی حوکمی دادگای سەرەتایی، ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کراوە.

بەپێی یاسای تەجمیع، حوکمی توندترین سزا بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە جێگەی جێبەجێکردنی هەیە.

ئەو حوکمە ٢٧ی ڕەشەمەی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بەسەر ئەو چالاکە مەدەنییە سەپێندراوە و ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەرەستوو مەلاڕەحیمی، بەنیسبەت حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی کفاڵەت لە زیندان ئازاد کرا.

 ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەرەستوو مەلاڕەحیمییان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک لەبارەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دەسبەسەریان کردبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ناوەندی یاریدەدەرانی مەهاباد و کەمپەینە خەڵکییەکان لەو شارەدا، لە یارمەتیدان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و هەروەها بوومەلەرزەلێدراوانی کۆتۆل و کرماشان ڕۆڵی کارا و چالاکی گێڕاوە.