ماکۆ؛ هاووڵاتییەک لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا

13:04 - 29 خەرمانان 2721

ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد برووکی"، تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی مەجید و خەڵکی گوندی "جگەن" سەر بە ماکۆ، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد برووکی لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە توندی بریندر بووە و لە ئاکامدا گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە نیزامییە حکوومەتییەکان بە گومانی پێبوونی کەلوپەلی قاچاخ، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییەیان کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا شەوی شەممە ٢٧ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئومید محەممەدزادە"، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی "گڕوێس" و دانیشتووی شاری ڕەبەت لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری سەردەشت گیانی لەدەست دا.