مامۆستا سەلام گوڵنەواز بانگهێشتی دادگای تاران کرا

20:19 - 13 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: مامۆستا عەبدوسەلام گوڵنەواز پێشنوێژی مزگەوتی شیوە برایمی شاری سەردەشت بانگهێشتی دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران، مامۆستا \"سەلام گوڵنەواز\"ی ئاگادار کردۆتەوە کە رۆژی یەکشەممە رێکەتی ١٤ی رەزبەر خۆی بەو دادگایە بناسێنیت.

\"15844.jpg\"
مامۆستا عەبدوسەلام گوڵنەواز پێشنوێژی مزگەوتی شیوە برایمی شاری سەردەشت بانگهێشتی دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران کرا.
ئەو مامۆستا ئایینیە کوردە رێکەوتی ٤ی خەرمانان، \'\'مەلا سەلام گوڵنەواز\'\' لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی هەوڵدان بەدژی نیزام، پێکهێنانی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان شیعە و سوننی‌دا و هەروەها تەبلیغات بۆ یەکێک لەحیزبە کوردییەکان، حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە.

مامۆستا سەلام گوڵنەواز لەرەوتی دادگایی کردنەکەیدا بەهۆی یاسای تایبەتیی دادگای رۆحانییەتەوە، لە مافی پارێزەر بێبەری بووە و بە تەنیا بەرگری لەخۆی گرتووە.

ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئان لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ژێر زەخت و گوشاردا بوو و هەتا ئیستا چەندین جار لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.