حەفتەی دووەمی مانگی رەزبەری ساڵی ٩٢
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپڕژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ دەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، خۆکوژیی ژنێکی لاو لە شاری شنۆ، هەروەها ٤ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی ژنان کە دوو حاڵەتیان ئێعدام کردنی ژنان لە مەشهەد و کەرجە، ئازاد کرانی شەهلا سارمی لەزیندان و بەڕێوەچوونی یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی "فاتیمە مۆسەننا" پاش ٨ مانگ لەناڕوونیی چارەنووسی ناوبراو، لە خۆ دەگرێت.
کوردستان
چوونە سەرەوەی دیاردەی خۆکوژیی ژنان و بە ئەمنیەتی کردنی ئەم پرسە کۆمەڵایەتییە لە کوردستان

دیاردەی خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکان رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیادبوون کردووە. نەریتی بوون کۆمەڵگەی کوردەواری و هەروەها چوونە سەرەوەی ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی ژنانی کورد سەبارەت بە پێشێل کرانی مافەکانیان، چوونەسەری ئاماری خۆکوژیی ژنانی لێکەوتۆتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە روانگەی دەسەڵات بۆ دیاردەی خۆکوژی و بایکوت کردنی هەواڵی خوکوژیی ، زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژیی هاووڵاتییان بە شاراوەیی دەمێننەوە، کەوابوو ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بۆ ئاشکرا کردنی ئاماری راستەقینەی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە بکرێت، بە دڵنیاییەوە ئاماری خۆکوژی لەو ئامارانەی کەلە بەردەستدا هەن، زۆر زیاترن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی "خەدیجە محەممەد ئەمینی" هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناڕوونی ماوەتەوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤٥ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێـران هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ئاماری خۆکوژیی ژنانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٢٠٠% رووی لەزیاد بوون کردووە.
ئەم ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی خۆکوژیی هاووڵاتییان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران بە ماڵپەڕە ناوچەییەکانیان راگەیاندووە کە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد خۆ ببوێرن.
ئێــــــــــران
بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی فاتمە مۆسەننا

لە رۆژانی رابردوودا یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی فاتمە مۆسەننا و هاوسەرەکەی بەناوی "سادق خۆرەم دەشتی" پاش ٨ مانگ لە دەستبەسەر کران، لەدادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو.
فاتمە مۆسەننا هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە تاوانی بەرێوەبردنی رێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشی بۆ کەسوکاریان و هەروەها هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوبیری لەگەڵ حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی دادگایی کراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستاش لە زینداندا راگیراون.
لەسێدارە درانی ١٩ ژن لە ٦ مانگی رابردوودا

لەدرێژەی رەوتی لە سێدارەدانی هاووڵاتییان لە ئێران، لە ماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا دوو ژن لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد و کەرەج لە سێدارە دران.
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی مانگی رەزبەری ئەمساڵ، یەکێک لەزیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی وەرامین بەناوی "کۆبرا کەبیری" لە زیندانی گەوهەر دەشتی کەرەج لەسێدارە درا.
ئەو ژنە زیندانییە، یەک رۆژ پێشتر لەزیندانی وەرامینەوە بە مەبەستی لە سێدارە درانی بۆ زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج راگوێزرابوو.
تاوانی ئەو ژنە زیندانییە کە ماوەی زیاتر لە ٩ ساڵ لە زینداندا راگیرابوو، نادیار بووە.
هەنووکە زیاتر لە ١٠ ژنی زیندانی لە زیندانی قرچەکی وەرامین چاوەرێی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەکەیان دەکەن کە تەمەنی زۆربەی ئەو کەسانە لەژێر ٣٠ ساڵ دایە.
ناوی دوو کەس لەو ژنە زیندانییانە "سەحەر مەهابادی" تەمەن ٢٧ ساڵ و رێحانە جەباری تەمەن ٢٨ ساڵ راگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە لە رۆژانی رابردوودا ژنێک لەزیندانی ناوەندیی شاری مەشهەد لەسێدارە درا.
ناسنامەی ئەو ژنە زیندانییەی خەڵکی نەیشابوور کە بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی لەسێدارە دراوە، هەتا ئیستا روون نەبۆتەوە.
ئازادیی شەهلا سارمی لەزیندان

لەرۆژانی حەفتەی رابردوودا شەهلا سارمی هاوڕی لەگەڵ براکەی، پاش چوار مانگ لەدەستبەسەری، بە دانانی بارمتە لەزیندان ئازاد کران.
شەهلا سارمی تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری رشتەی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانە لەرێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵدا دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرابوو.
شەهلا سارمی دواتر لە رێکەوتی ١٠ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین راگوێزرابوو.
ئەو ژنە زیندانییە "کچی حوسێن سارمی" چالاکی مافی منداڵان و هەروەها یەکێک لەزیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاویی وڵاتی ئێرانە.
بنەماڵەی شهلا سارمی لەکاتی دەستبەسەر کرانی کچەکەیانەوە هەتا کاتی ئازاد بوونی، رێگەیان پێ نەدرابوو کە چاویان بە رۆڵەکەیان بکەوێت.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران (١ حاڵەت)
هەوالدەریی ئیسنا (١ حاڵەت)





