لەماوەی ٣ ساڵی رابردوودا نزیک بە ٤٥ هەزار کەس وڵاتی ئێرانیان بەجێ هێشتووە

14:20 - 25 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای رووداوەکانی پاش هەڵبژاردن لە ئێران، رێژەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە.

رێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە رێژەی پەنابەرانی ئێرانی لە ساڵی ١٣٨٨ و پاش رووداوەکانی دوای هەڵبژاردن لەو وڵاتە، بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە و لە ماوەی ٣ ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا نزیک بە ٤٥ هەزار کەس ئەو وڵاتەیەنان بە جێهێشتووە.

بەپێی ئاماری کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رێژەی پەنابەرانی ئێرانی لە ساڵی ١٣٨٨دا ١١ هەزار و ٥٣٧ کەس و لە ساڵی ١٣٨٩ بۆ ١٥ هەزار و ١٥٨ کەس و لە سالی ١٣٩٠ بۆ ١٨ هەزار و ١٢٨ کەس زیادی کردووە.

رێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، سەرکوت و توندوتیژی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە هەمبەر خەڵکی وڵاتەکەی هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی رێژەی پەنابەران لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا بووە.

\"10187.jpg\"
هەر لەو پەیوەندییەدا \"جۆ ستراک\" جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین لە رێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، سەرکوتەکانی پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بە توندی کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئێران هەبووە کە کۆمەڵێک دیمەنی سەرکوتی بێ بەزەییانەی پۆلیس لە هەمبەر خەڵکدا سەلمێنەری ئەو راستییەن و هەتا ئێستاش بەو هۆیەوە خەڵکی ئێران زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن.

رێکخراوی مافی مرۆڤ لەو راپۆرتەدا باسی لە دۆخی ژیانی دژواری پەنابەران لە وڵاتی تورکیە و هەرێمی کوردستان وەک دەروازەی دەرباز بوونی پەنابەران کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە چاوەدێریی مافی مرۆڤ هەڵسوکەوتی بەرپرسانی حکوومەتی تورکیەی لە هەمبەر پەنابەرانی ئێرانی بە توندی مەحکووم کردووە و ئاماژەی بە چەندین خاڵی وەک: رێگری لە دەرباز بوونی پەنابەران، رێگری لە کار کردنی دەوڵەتی تورکیە لە هەمبەر پەنابەران کردووە.