لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتەوە بێڕیزی بە ژنان و دوو ژنە ئەندامی شورای شاری بۆکان کرا

12:25 - 22 رەزبەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر، کاناڵە تێلێگرامییەکانی بۆکان بڵاویان کردووەتەوە کە پارکێک بۆ ژنانی ئەو شارە دروست کراوە بەڵام بەبێ ئاگاداریی ژنان و تەنانەت ژنانی ئەندامی شورای شاری بۆکان بووە.

سەرەڕای ئەوەیکە ژنانی شاری بۆکان لە دروستکردنی ئەو پارکە ئاگادار نەکراونەتەوە، دوو ئەندامی شورای ئەو شارە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردووەتەوە، ئاگاداری دروستکردنی ئەو پارکە نەبوونە و جیا لەوەش بەشدارییان لە گەڵاڵەی دروستکردنی ئەو پارکەدا نەکردووە.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئاگادارنەکردنەوە و بەشدارینەکردنی ژنان لە دروستکردنی ئەو پارکە، بێڕێزی بە ژنان و شارەدارییە.

لە بەشێکی بەیاننامەی ئەو دوو ئەندامەی شورای شاری بۆکاندا هاتووە: "گەڵالەی دروستکردنی ئەو پارکە لەلایەن پیاوەکانەوە بووە و بەبێ ئامادەبوونی ژنان. هەروەها بڕیار بووە کە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ و بە ئامادەبوونی ئەو دوو ئەندامە و بەرپرسانی دیکە، کۆڵینگی دروستکردنی ئەو پارەکە لێدرابایەت، بەڵام بە بیانووی هۆگریی بەرپرسانی دیکە بۆ بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا ئەو پرۆژەیە دوا خرا".

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی تەواوی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر بۆ دروستکردنی ئەو پارکە، شارەداریی بۆکان پاش ٤٢ خولەک لە کاتی دیاریکراو ئێمەی ئاگادار کردووەتەوە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە خۆیشی کاتژمێر ١١:٣٠ ئاگادار کراوەتەوە".

لەو بەیاننامەیەدا هاتووه: "هەڵبەت ئەم ڕووداوە شتێکی نوێ نییە و سەرەڕای دروشمەکان لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید، هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕوانگەی بەرپرسانی حکوومەت بۆ ئامادەبوونی ژنان لە بڕیاردان و پرسە گرینگەکانی شورای شار، دەستەبەر نەکراوە".