لە ئێران 72 هەزار ژنی كارتون خەو(كارتن خواب) بوونی هەیە

14:13 - 17 خەزەڵوەر 2711
كوردپا - ماڵپەڕی\"شهرزاد نیوز\" بڵاوی كردەوە، لە وڵاتی ئێراندا زیاتر لە 72 هەزار ژنی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان هەیە كە بە هۆی نەبوونی شوێنێك بۆ حەوانەوە لە سەرشەقام و پاركەكان دەخەون.

ژاڵە شاداب تەڵەب كۆمەڵناس و توێژەری بواری ژنان ئاشكرای كردووە، زۆربەی ئەو ژنە بێ‌ ماڵ و حاڵانە لە باشووری تاران بە شێوەی كارتون خەو ژیان بەسەر دەبەن و وتیشی، لە شاری تاران تەنیا یەك شوێن بۆ حەسانەوەی ژنانی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان هەیە.

بە وتەی ئەو كۆمەڵناسە، ئەو بنكەیەی كە بۆ حەوانەوەی ژنانی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان دامەزراوە تەنیا جێگای 40 كەس دەبێتەوە بەڵام لە وەرزی سەرمادا بە ناچاری 80 كەس لەو شوێنەدا پشوو دەدەن.

ژاڵە شادی تەڵەب ئەوەشی خستە روو، لەسەدا 85ی ئەو ژنانەی كە بێ‌ ماڵ و حاڵن توانای نووسین و خوێندنەوەیان نیە و لە بواری ماڵیشەوە زۆر دەسكورتن.

بەپێی ئاماری دەفتەری بەربەركانێ‌ لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كەلە هاوینی ساڵی1390دا تۆمار كراوە، لە ئێراندا یەك میلیۆن و100 هەزار ژنی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان هەیە.