لە ئیعتراز بە وشك بوونی زەریاچەی ورمێ‌، لە چەند شار خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت

16:31 - 1 جۆزەردان 2712
كوردپا: بەردەوامیی رەوتی ویشك بوونی زەریاچەی ورمێ‌ بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵك و بڕیارە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارەكانی ورمێ‌، تەورێز، خۆی و مەراغە خەڵك و چالاكانی ژینگەپارێز خۆپیشاندان رێك بخەن.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ماوەی چەند رۆژێكە چالاكانی ژینگەپارێز، چالاكانی خوێندكاری و رێكخراوە مەدەنییەكان بە دەركردنی بەیاننامەیەكدا داوایان لە خەڵك كردووە، كە كاتژمێر 6ی ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 1ی جۆزەردان كە هاوكات لە شارەكانی ورمێ‌، تەورێز، مەراغە و خۆی لە ئیعتراز بە ویشك بوونی زەرپاچەی ورمێ‌، خۆپیشاندانێكی بەرین بەڕێوە بچێت.

هەواڵنێری كوردپا لەم بارەوە نووسیویە، لە شارەكانی تەورێز، خۆی، مەراغە و زانستگای تەورێز تەورێز، تراكت، بەیاننامەیەكی زۆر بۆ بانگهێشتی خەڵك لەو ناڕەزایەتییە بڵاو كراوەتەوە.

بڕیارە خۆپیشاندانەكەی ورمێ لە شەقامەكانی عەتایی و ئیمام لە شاری ورمێ‌ بەڕێوە بچێت.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە لە ورمێ‌ بڵاوی كردۆتەوە كە كەسێك لە كاتی بڵاو كردنەوەی تراكتی ئەو خۆپیشاندانەدا دەستبەسەر كراوە كە دەوترێ‌ خوێندكار بووە كە هەتا ئێستا لە شوناسی ئەو كەسە زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

\"4603.jpg\"
هەواڵنێری كوردپا بڵاوی كردۆتەوە، بە وتەی كەسانی ئاگاداری ئەو خۆپیشاندانە، لێپرسراوانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بەتەمان بە ئاراستەی سیاسەتی خۆیاندا كەڵك لەو خۆپیشاندانە وەربگرن و دەیانهەوێ‌ ئەگەر بێت و خەڵكێكی زۆر بەشدار بن، خێرا بەیاننامە دەربكەن و خۆیان بە رێكخەری لە قەڵەم بدەن، بەڵام ئەگەر كەسی كەم بەشدارییان كرد، سەركوتی بكەن.

لە ئیعتراز بە وشك بوونی زەریاچەی ورمێ‌، هاوینی ساڵی 1390ی هەتاوی خۆپیشاندانێكی بەرینی خەڵكی لە شاری ورمێ‌ و چەند شاری دیكەی دەوروبەری بەڕێوە چوو كە جیا لە كوژرانی چەند كەس، بە دەیان چالاكی ژینگەپارێز و خوێندكاریی دیكە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.

بە وتەی چالاكانی ژینگەپارێز و كارناسانی ئەو بوارە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی هۆكاری سروشتی و ئینسانی، مەترسیی وشك بوونی زەریاچەی ورمێ‌ زیادی كردووە و ئەمەش بۆتە سەرچاوەی ئیعترازی خەڵكی ورمێ‌ و دەورووبەری.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ناڕەززایەتیی ساڵی رابردووی خەڵکی ورمێ لە ئێعتراز بە وشک بوونی گۆلی ورمێ