كوردپا: وەرزێڕ و ئاژەڵدارانی ناوچەی "بوورلان"ی ماكۆ رایانگەیاندووە: "ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان و جەنگەڵبانی بە داڕشتنی گەڵاڵەیەك پێش بە كاسبیی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە دەگرن".

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا هێزی ئینتزامی و رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكانی شاری ماكۆ بە بانگهێشت كردنی وەرزێڕان و ئاژەڵدارانی ناوچەی "بوورلان"ی ماكۆ هۆشداریان پێداون كە بۆیان نیە ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵ بەخێو بكەن.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیەوە رایگەیاندووە: "ئەم هەوڵەی رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكان و هێزی ئینتزامی لە راستای پێشگیری لە كار و كاسبی و بژیوی ژیانی هاووڵاتییانی كوردی ئەو ناوچە دایە و بەردەوام ئەو چەشنە كارانە دووپات دەبێتەوە و لە رابردووشدا كاری لەم چەشنە لە هەمبەر هاووڵاتییانی كورددا ئەنجام دراوە".

یەكێك لە دانیشتوانی ئاوایی "گیرگ"ی ناوچەی بوورلان لە ماكۆ بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە: "دەزگا حكوومەتییەكان ئەم گەڵاڵەیان تەنیا بۆ بە چۆكدا هێنانی خەڵكی هەژاری ئەو ناوچە پیادە دەكەن و راشیگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی كارگە و دەرەتانی كار لە شاری ماكۆ و دەورووبەری خەڵك سەرقاڵی ئاژەڵداری و هێندێكیان كاری كۆڵبەرین و تەنانەت ناهێڵی ئەوەش ئەنجام بدەن".

چالاكانی ژێنگە لەو باوەڕە دان "رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكان لە حاڵێكدا لەژێر ناوی پاراستنی سروشتدا پێش بە بەخێو كردنی مەڕ و ماڵات و كاسبیی ئاژەڵدران دەگرێت، كە ساڵانە بە دەیان هێكتار لە لێڕەوار و دارستانەكان دەسووتێن، یان سەیرانگا و سەرچاوە سروشتییەكان تێك دەدرێن و ناوەندە پێوەندیدارە حكوومەتییەكان هیچ هەوڵێك بۆ پێشگیرییان نادەن".