لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، خەڵاتی "قەڵەمی زێڕینی قانع" دیاری کرا
یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بەڕێوە چوو و تێیدا بڕیار درا کە خەڵاتی "قەڵەمی زێڕینی قانع" پێشکەش بەو کەسانە بکرێت کە لە بواری ئەدەبی کوردی چالاکی دەکەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، هەر کام لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەر وێڕای باسوخواس لەسەر پرس و چالاکییەکانی داهاتووی ئەنجومەنەکە، لەسەر خەڵاتی "قەڵەمی زێڕینی قانع" پێداگرییان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، وەکوو بەرپرس بۆ بەدواداچوون، ڕێکخستن و بەخشینی خەڵاتی قەڵەمی زێرینی قانع دیاری کران.
خەڵاتەکە وەکوو خەڵاتێکی ساڵانەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، لە بواری ئەدەبی کوردیدا (ڕۆمان، چیرۆک، وەڕگێڕان، شێعر و...) بە نووسەرێکی کورد دەبەخشرێت.
ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی ئەو ئەنجومەنە، پەرەپێدانی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بووە.